لە سلێمانی ٢٨ رێکخراو بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران چالاکییان ئەنجامدا

لە رۆژی جیهانیی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا ٢٨  ێکخراو لە سلێمانی چالاکییەکیان ئەنجامدا و چەند داواکارییەکیان لە سەر دۆخی کرێکاران ئاڕاستەی حکومەت کرد و داوای دابینکردنی بیمە و قەرەبووکردنەوەی مووچەی فەوتاوی کرێکارانیان کرد.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە ئەمڕۆ کۆبەندی ڕێکخراوەکان، کە لە ٢٨ ڕێکخراوی کرێکاریی و کۆمەڵگەی مەدەنیی پێکهاتوون  لە پارکی نالی لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا حەمە هەژار سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیانی ڕاگەیەندراوی ئەو کۆبەندەی خوێندەوە و چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەت کرد. داواکارییەکان بریتین لە:

ـ دەبێت حکومەت مووچەی کرێکاران دوانەخات و لە کاتی خۆیدا بۆیان دابین بکات.

ـ پێویستە حکومەت و کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت قەرەبووی مووچەی فەوتاوی کرێکاران بکەنەوە.

ـ پێویستە حکومەت هەموو خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خۆپاراستن لە نەخۆشی بۆ کرێکاران دابین بکات.

ـ یاسای کار کارا بکرێت و چاودێریی دۆخی کرێکار بکرێت.

ـ مووچە پاشکەوتەکان یان بە پسوڵە یان لە ڕێگای بانکەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ کرێکار.

ـ دەبێت حکومەت بیمەی کار بۆ کەسانی بێکار بە ژن و پیاوی سەروو ۱۸ساڵەوە دابین بکات.

ـ حکومەت پێویستە لە باج و پارەی ئاو و کارەبای هاوڵاتیان خۆش بێت، خاوەن موڵکەکانیش لە کرێی دوکان و خانووەکان خۆش بن.

- دەبێت سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت بە پێی یاسا پابەند بن بە پاراستنی مافی کرێکارانەوە.

ژ.ت